»  ناوداران

سیگمێند فرۆید و بیرکردنەوە جێ بایەخەکانی

A A A

سیگمێند فرۆید دامەزرێنەری زانستی دەروونی شیکاریی سه‌رده‌مه‌ ( جۆرێکی چارەسەرە ، نەخۆش لەسەر جێیەک پاڵدەکەوێت و دەدوێت بۆ چارسەرکاری دەروونی ) . سەرەڕای بیرکردنەوە جێ موشتومڕەکانی ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش فرۆید یەکێکە لە کاریگەرترین زاناکانی بواری زانستی دەروونی و پزیشکی دەروونی . لەپاش تێپەڕبوونی 100 ساڵ لەسەر بڵاوکردنەوەی تیۆرەکانی، بەڵام ھێشتا تیۆر و بیرکردنەوەکانی کاریگەری ھەیە لەسەر تێگەیشتنمان بۆ کەسێتی و ئەقڵ.

فرۆید لە دایک و باوکێکی یەھودییەوە لەدایکبووە ، باوکی وەک بازرگانی خوری کاری دەکرد ، ئیمیلیایی دایکیشی ژنی دووەم بووە . لە شاری فرایبۆرگ له‌ لەناوچەی مۆراڤیان له‌ له‌ 6 مه‌ی ساڵی 1856 هاته‌ دنیاوه‌. فرۆید زۆربەی ژیانی لە ڤییەنا بەسەربرد ، تاوەکو ئەو کاتەی ھاوسەرگیری کرد لەگەڵ ( مارپا بارنز ) لەساڵی 1886 دا ، پێکەوە 6 منداڵیان خستەوە . لە ساڵی 1909 دا ، فرۆید بەڕێکەوت بۆ ئەمریکا تا تیۆرەکانی لە زانکۆی کلارک ماساچوستس گەڵاڵە بکات . ئەوەش یەکەم ووتاری بووە کە لەدەرەوەی ڤییەنا. لەساڵی 1923 و لەتەمەنی 67 ساڵی دا ، فرۆید توشی شێرپەنجەی شه‌ویلگە بوو ، دەرئەنجامی چەندین ساڵ جگەرە کێشانی. چارەسەرەکردنیشی پێویستی بە 30 نەشتەرگەری بوو لەماوەی 6 ساڵدا ، ( ئەمە بەپێی بەرنامەیەکی تەلەفیزۆنی بەنێوی  « public broadcasting service »  لە ئەڵقەی  « A Science Odyssey » ) . فرۆید لە ڤییەننا ژیا تا ئەو کاتەی لەلایەن ئەڵمانیاوە و لەساڵی 1938 داگیرکرا. سەرەڕای ئەوەی یەھوودی بوو ، بەڵام ناوبانگەکەی زۆربەی جار ڕزگاری دەکرد . حیزبی نازی نوسینەکانی سوتان، بەڵام ڕێیان پێدا نەمسا جێبێڵێت دوای دەستەبەسەر داگرتنی پاسپۆرته‌كه‌ی بۆماوەیەکی درێژ . فرۆید و ھاوسەرەکەی گەشتیان بۆ ئینگلته‌را كرد ، ھەر لە لەندەن و لە تەمەنی 83 ساڵیدا لە بەرواری 23 ی سێبەتەمبەری 1939 کۆچی دواییکرد .

فرۆید له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا...



خێزانه‌كه‌ی فرۆید



بەرھەمەکانی :

لەساڵی 1873 و لەتەمەنی 17 ساڵیدا ، فرۆید چویە قوتابخانەیەکی پزیشکی لە ڤییەننا. لەدەوروبەری ساڵی 1882 دا ، بویە یارمەتیدەر لە دەرمانخانەیەکی پزیشکی گشتی و مەشقیکرد لەگەڵ پزیشکی دەروونی ( تیۆدۆر مایرنت ) و مامۆستای پزیشکی ھەناوی ( ھێرمان نتناجل ) . لە دوای تێپەربوونی سێ ساڵ فرۆید توێژینەوەیەکی گرنگی لەبارەی مۆخی مێشک ئەنجامدا ، ھەروەھا وەک موحازرێک بۆ ووتنەوەی زانستی نەخۆشیە دەماریەکان دەستنیشانکرا . فرۆید ئەو چانسەی پێبڕا تا ھاوڕێیەتی فیزیازان و زانای ده‌روونی ( جۆزێف برۆیر ) بکات ، ئەم ھاوڕێیەتیە ڕۆڵێکی کارای ھەبوو لەسەر رێڕەوی پیشەیی فرۆید . ئەو بە فرۆیدی گوت کە  خەواندنی سروشکاری بۆ چارەسەری حاڵەتەکەی خاتوو ( مارپا باینھام ) لە نەخۆشی ھیستریادا بەکارھێناوە . کاتێک جۆزێف مارپای بە خەواندنی سروشکاری خەواند ، وای لێکرد باسی ھەندێک شتی دەکرد کە لە باری ئاگاییدا نەیدەتوانی باسی بکات . پەیتا پەیتا نیشانەکانی نەخۆشیەکەی نەدەمان . تا وای لێھات خەواندنی سروشکاری ناسرا بە چارسەر بە ئاخاوتن (talking cure) . بۆ ئەم مەبەستەش فرۆید چوو بۆ پاریس تا توێژینەوەی زیاتر بکات لەبارەی بەکارھێنانی خەواندنی سروشکاری لەچارەسەری ھیستیریادا و لەژێر سەرپەرشتی زانای دەمار خاتوو جاین مارتن.

تیۆدۆر مایرنت



لەدوای ئەو گەشتەش لە توێژینەوە ، فرۆید لەساڵی 1886 گەڕایەوە بۆ نیشتیمانەکەی و نۆرینگەیەکی تایبەت بە نەخۆشیە دەماریەکان و مێشک کردەوە . بەڵام تێبینی کرد خەواندنی سروشکاری ھیچ ئەنجامێکی ڕازیکەری ناداتێت و ھیچ سوودێکی وای نیە ، بۆیە فرۆید پەرەی بە ڕێگایەکی دیدا تا خەڵکی ئازادانە بدوێن . ئەو نەخۆشەکانی لەسەر قەنەفەیەک دادەنا تاوەکوو تەواو پشوو بدەن ، پاشان وای لێدەکرد ھەرشتێک بەخەیاڵیابێت باسی بکات ، ئنجا ھەموو ئەو شتانەی نەخۆشەکە دەیووت ئەو دەینووسیەوە ، و لەپاشاندا شیکاری دەکرد . ئەم ڕێگایە ناو دەبڕێت بە ‌دوانگەی سەربەست  (free association) . فرۆید توێژینەوەکەی بەناونیشانی ( توێژینەوەیەک لەبارەی ھیستیریاوە )  بە بەشداری ‌ھاوڕێکەی جۆزێف بڵاوکردەوە . لەساڵی 1986 ، فرۆید دەستەواژەی دەروون شیکاری (psychoanalysis) بەکارھێنا ، ئەویش پەیڕەوێکە بۆشیکاریکردنی کردارە عەقڵیە نەستیەکان و ڕوونکردنەوەی پەیوەندی نێوان ھەست و نەست و شێوازەکانی چارەسەری دەروونی ، ھەروەھا ناویش دەبرێت بە زانستی دەروونی قوڵ  (depth psychology).

فرۆید لە کتێبی An Outline Psychoanalysis - سیسته‌می سیانی بۆ کەسێتی مرۆڤ پەرەپێدا ، ئەوانیش :



سیستەمی یەکەم : ( ئەو - ID ) ، بەشێکی سەرەکی نەستە لەدوای – من و منی باڵا ) دێت ، پێکدێت لە دوو بەش :
‌بەشێکی زگماکی :  کە غەریزە بۆماوەییەکان دەگرێتەوە.
بەشێکی وەرگیراو : کە کردارە عەقڵییە پێشێلکراوەکان دەگرێتەوە.
ئەو بەپێی بنەمایی چێژ و دوورکەوتنەوە لە ئازار کاردەکات  بەبێ ڕەچاوکردنی لۆجیک و ڕەوشت و واقیع .

سیستەمی دووەم : ( من – ego ) ، کەسێتی تاکە زیاتر نەرمونیانترە لەنێوان ( ئەو و منی باڵا ) دا ، ئەویش ھەندێک ڕەفتار لەم و لەوەوە وەردەگرێت ، و دەیبەستێتەوە بە بەھاکانی کۆمەڵگا و بنەماکانی ، ئەشێت ( من ) ھەندێک لە غەریزەکانی ( ئەو ) تێر بکات . بەڵام لەشێوەیەکی شارستانییدا کە کۆمەڵگا قبوڵێتی و ( منی باڵا ) ڕەتی ناکاتەوە .  ئەو بەپێی بنەمایی واقع کار دەکات . ( من ) درک پێکردن و بیرکردنەوە و دانایی و گونجانی عەقڵی دەنوێنێت ، ھەروەھا سەرپەرشتی چالاکیە ویستیەکانی تاک دەکات ، گەر شکست بێنێت لە ڕاگرتنی ھاوسەنگی لەنێوان ( ئەو ) و ( منی باڵا ) دا ئەوا توشی نیگەرانی دەبێت و  بۆ کەمکردنەوەشی پەنا دەباتە بەر فێڵی بەرگریکردن .

سیستەمی سێیەم : ( منی باڵا – Super-ego ) ئەویش کەسێتی تاکە بەڵام لەشێوەیەکی عەقڵانیتردا ، وە جگە لە بەھا ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی و بنەماییەکان ھیچ شتێک کۆنتڕۆڵی ناکات ، ھەروەھا دوورە لە سەرجەم کردارە ئارەزووبازی یان غەریزییەکان ، ( منی باڵا ) ویژدان  دەنوێنێت ، پێکدێت لەو بەھا ڕەوشتیانەی مناڵ لە دایک و باوکی و قوتابخانە و کۆمەڵگاوە فێری دەبێت . ( منی باڵا ) نمونەییبوون دەنوێنێت نەک واقیعیبوون ، زیاتر بەرەو کەماڵبوون ھەنگاو دەنێت نەک بۆ چێژ لێرەشدا پێچەوانەیە لەگەڵ ( ئەو ) و ( من ) .

کەواتە ، بەگشتی دەتوانین بڵێین ( ئەو ) غەریزەیەکی سەرەتاییە ، بەڵام ( من ) ئەو بەشەیە کە لەگەڵ جیھانی چوار دەور کارلێک دەکات ، ئەمما ( منی باڵا ) بەشێکی ڕەوشتییە و بەھاکانی ڕەوشت بۆ ( من ) دیاری دەکات  .

لەساڵی 1900 ، فرۆید یاساکانی پزیشکی دەروونی شکان بە بڵاوکردنەوەی کتێبێک بەنێوی « لێکدانەوەی خەون یان ( خەونامە ) » ، فرۆید ئاماژەی بەوەدا کە وزی عەقڵ حەزێکی جنسییە و پێویستە بەتاڵ بکرێتەوە لە ھەستی چێژوەرگرتن و دوورکەوتنەوە لە ئازار . گەر ئەم وزەیە بەتاڵ نەکرێتەوە لاشەییەن ، ئەوا بەھۆی خەونەوە بەتاڵ دەکرێتەوە . ئەم کتێبە چەمکێکی ھێمایی خەون دەردەخات لەلای فرۆید ، خەونیش جگە لە حەزێکی نائاگایی بۆ کەماڵبوون ھیچی تر نیە ، ھەروەھا شیکردنەوەی خەونیش چارەسەرە بۆ شێوەکانی ترسی نەخۆش کە ناو دەبرێت بە نەخۆشی دەمار . فرۆید پێویستی بە دوو ساڵبوو تا ئەم کتێبە بنوسێت . بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە دەستکەوتێکی وای نەبوو وە قازانجی 209 دۆلاربوو. 8 ساڵی پێچوو تا 600 دانەی لێفڕۆشرا ، بەڵام ، کە فرۆید بەناوبانگبوو کارەکە زیاتر جەماوەری پەیدا کرد ، حەوت چاپی تری لێدەرچوو تا لە ژیانابوو ، بەپێی بەرنامەی  (public broadcasting service).

لە ساڵی 1901 ، کتێبێکی دی بڵاوکردەوە بەنێوی ( سایکۆلۆژیا لە ژیانی ڕۆژانەماندا ) ، کە تێیدا دەستەواژەی خلیسکانی فرۆید (Freudian slip) بەکارھاتووە ، ھەروەھا دەشناسرێت بە ھەڵەی ئەداکردن  (parapraxes)  کە یەکێکە لە چەمکەکانی شیکاریی دەروونی کلاسیکی . وە فرۆید تیۆرێکی دانا و گوتی : لەبیرکردن یان ھەڵەی زار ( قسەیەکی ھەڵەت لەدەم دەرچێت ) ڕووداو نیە بەڵکو دەرئەنجامی زیادەڕەویی ئارەزوی نائاگایی داینامیکییە، ئەمەش وا دادەنرێت کە پەیوەستە بە کەسێتی مرۆڤەوە .

لە ساڵی دواتر ، فرۆید بۆیە مامۆستا لە زانکۆی ڤییەننا . زۆری نەخایەند ھەوادارێکی زۆری بۆخۆی پەیداکرد و کۆمەڵەیی شیکاری دەروونی دامەزراند . کارەکە ھەر بەوەوە نەوەستا بەڵکو کۆمەڵەی ھاوشێوەی ئەوە لە شارەکانی دیش پەیدابوو . بەدەر لەوەش ، زۆر زانای دەروونی بەناوبانگ بوونە شوێنکەوتوی فرۆید وەکو ئەلفرێد ئەدلەر و کارڵ یۆنگ . لەساڵی 1905 دا ، جێ مشتومڕترین تیۆرەکانی فرۆید دەرکەوتن ، ئەویش تیۆری پاڵنەری جنسی بوو ، کە لە ژێر ناونیشانی ( سێ ھاوبەشیکردن بۆ تیۆری جنسی - three contributions of theory sexuality ) ، تیۆرەکە دەیگوت پاڵنەری جنسی ھۆکارێکی گرنگ و گەورەیە لە دیاریکردنی کەسێتی مرۆڤ ، ھەتا منداڵی ساواش ، ئەویش ئەو بیرۆکانەبوو لە نوسینەکانی یەکەمی باسیکردبوو . ھەروەھا فرۆید پەرەی بە گرێی ئۆدیپس (Oedipus complex)  دا ، کە دەیگووت : کوڕ حەزی جنسی ھەیە بەرانبەر بە دایکی ئەمەش جۆرێک لە ئیرەیی لای باوک دروست دەکات . لەساڵی 1933 دا ، فرۆید یەکێکی تر لە ھەرە تیۆرە جنسیە جێ موشتومڕەکانی وروژان لە ووتارێکیدا بەنێوی ( مێینە ) . ئەم تیۆرەی ناونا ( penis envy ) .

زۆرجار ، گاڵتە بە فرۆید دەکرێت بەوەی حەزی لێبووە لێکدانەوە بۆ ھەمو شتێک بکات وە بەوەەی ئەو بەڵگەی جنسی نھێنی لابووە . لەو چیرۆگە بێ سەرچاوانەشی باس دەکرێت ، دەڵێن : “  کەسێکی گاڵتەچی گەیشت بەفرۆید و لەبوونی بەڵگەی جنسی جگەرەی پرسی ، بەھۆی لێکچوونی لەگەڵ ئەندامی نێرینەدا ، فرۆیدیش ووتوێتی : ( ھەندێجار جگەر ھەر جگەرەیە و ھیچی تر ) . ھەندێک دەڵێن ئەمە ھەڵوێستێکی پێکەنیناوی فرۆید بووە کە دژی بیری فرۆیدی بووە . بەڵام ھیچ بەڵگەیەی متمانە پێکراو نیە کە فرۆید وایوتبێت ، بەپێی ئەو ووتارەی ئالان سی ئاڵەمس لە 2001 و لە ڕۆژنامەی شیکاری دەروونی بڵاویکردەوە.

ھێشتا تیۆرەکانی فرۆید جێی مشتومڕن لە بازنەی دەروونناسی و پزیشکی دەروونی ، جا ئیتر ئەو کاتەی لە ژیانابووبێت یان دوای مردنی ، ئەمەش دروستی بیرکردنەوەکانی دەسەلمێنێت . پزیشکی دەروونی کارۆڵ لیبرمان کە یەکێکە لە قوتابیەکانی فرۆید دەڵێت : فرۆید نائاگایی و بەرگری دەروونی دۆزییەوە ، لەوانیش ئینکاریکردن ، بۆیە ھەر ھەوڵدانێک بۆ ئینکاریکردنی دیدگای فرۆید ، زیاتر دروستی بیرکردنەوەکانی دەسەلمێنێت .



تێبینی : ئەمرۆ ، زانستی دەروون شیکاری و بۆچوونەکانی فرۆید موعته‌به‌ر نیە لە دەروونزانیدا ، بەڵکو وەکو قۆناغێکی گرنگ لە قۆناغەکامی دەروونزانی دەخوێنرێت نەک وەک زانست. ھەروەک ڕوونە بۆچوونەکانی فرۆید بە دوور نەبوون لە ھەڵە و تێکەڵکردنی پەیڕە و بە بۆچوونە کەسیەکانی و دانانی وەک داتای زانستی. یان پشت بەستن بە حاڵەتی تاک بۆ سەلماندنی گریمانە ، ھەروەھا فرۆید بەوە ناسرابوو داتای نەگونجاوی بەکاردێنا لە حاڵەتە دیاریکراوەکاندا.

سەرچاوە : livescience

Gauss Maxwell



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ زانستی هەسارەی شەشەم پارێزراوه »  
   ‌ 55992 جار بینراوه‌
11 مانگ پێشتر - Oct 10 2016 10:46PM

12
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
له‌سه‌رهێڵ:   55
کۆی سه‌ردان:   37687603
Copyright © 2015 - Hasaray6. All rights reserved.