»  تاریکی مێژوو

مۆمیا بۆ ھێشتنەوەی ڕوخسار لەژیانی داھاتوودا !

A A A

ووشەی مۆمیا وشەیەکی ھیرۆگڵۆفیە کە میسریە کۆنەکان بەکاریان دێنا بەواتای (داپۆشینی جەستە بە مۆم ھەندێک جاریش بەقیر و زۆر کەرەستەیتر)، لەجیھانی کۆندا مۆمیاکردنی جەستە لە دوای مردن، ئاواتی ھەمووکەسێک بوو، بە جۆرێک ھەرکەس توانای دارایی کەمێک باش بوایە پێش مردنی بڕێک پارەی دەدا بە خانەی مردوان تا لە دوای مردنەکەی جەستەی مۆمیا بکرێت، مەبەستی ئەم مۆمیاکردنە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە میسریە کۆنەکان باوەڕیان وابوە لە دوای مردن دووبارە ژیانێک ھەیە کە بەژیانی نەمری لای میسریە کۆنەکان ناسرابوو، مۆمیاکردنەکەش بۆ ئەوەبوو شێوازی جەستەیان نەشێوێت لەوکاتەی کە زیندوودەبنەوە وەک خۆیان بمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەو کەسانەی کە مۆمیادەکران ھەریەکە بەپێی تایبەتمەندی خۆی و دەوڵەمەندی و دەست ڕۆیشتویی کەسەکە لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک لە کۆیلەکانیشی بەزیندویی مۆمیا دەکران تا لەژیانەکەی تردا خزمەتی بکەن، به‌پێی پێویستیش خواردن و خواردنەوە و جل و بەرگ و ئاڵتون دەخرانە گۆڕەکەیەوە بۆئەوەی سودیان لێ وەربگرێت لەکاتی زیندوبونەوەدا، بەڵام ئەم مۆمیاکردنە بۆ ھەموو کەسێک نەبوو تەنھا چینی خانەدان و دەست ڕۆیشتووی حکومەت دەیانتوانی لەدوای مردنیان مۆمیایان بۆ بکرێت، چینی ھەژار و کۆیلەکان بۆیان نەبوو مۆمیا بکرێن، مەگەر ئەو کەسە کۆیلەی کەسێکی دەوڵەمەند یان پادشایەک بوایە لەکاتی مردنی گەورەکەی ئەمیش بەزیندویی مۆمیا دەکرا.



ئەوەی تائێستا زانراوە مۆمیاکردن دۆزراوە و زانستی دەستی میسریە کۆنەکانە، بەڵام لەکۆنیشدا مۆمیاکردن بۆتەرمەکان تەنھا لە میسر نەکراوە بەپێی دۆزینەوەکانی شوێنەوارناسی بێت کاری مۆمیاکردن لە ئەمریکای کۆن و ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ئاسیاش کراوە، لەم دواییانەدا تیمی تایبەتی شوێنەوارناسی ھەندێک تەرمیان لەکەناری دەریای (ئاتاکاما) لە وڵاتی چیلی ئەمریکای باشوور دۆزیوەتەوە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 6 ھەزارساڵ بەرلەئێستا، لە ئەوروپا و لەوڵاتی نەمساش تیمەکانی شوێنەوارناسی کۆمەڵێک تەرمی مۆمیاکراویان دۆزیەوە کەمێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 5ھەزارساڵ بەرلەئێستا، لەوڵاتی چینیش ھەندێ لاشەی مۆمیاکراو دۆزراونەتەوە کەمێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ3500ساڵ بەرلەئێستا، بەدەرلەمانەش لە ئەرجەنتین و ئوسترالیا و دانیمارک و ئیتالیا و وڵاتە عەرەبیەکانیش بەتایبەت لە یەمەن لاشەی مۆمیاکراو دۆزراونەتەوە، بەڵام کاری ئەم مۆمیاکراوانە ھیچیان هێنده‌ی میسریەکان بەلێزانی و سەلیقەیی ئەنجام نەدراون، لەناو خودی میسریەکانیشدا ناودارترین لاشەی مۆمیاکراو لاشەی (رامسیزی دووم) ە کە پێشتر ھیچ لاشەیەک هێنده‌ی لاشەی (رامسیزی دووەم) فیرعەونی مه‌زن تەواوی شارەزایی و لێھاتویی تێدا بەکارنەھاتوە.



بەپێی بەڵگەنامە و کتێبە کۆنەکان بێت لە مێژوودا، لەسەردەمانی کۆندا مۆمیاکردن خولیا و ئاواتی ھەرتاکێک بوە و بەکردارێکی زۆر پیرۆزدانراوە، ھەرکەسێک توانای دابینکردنی پارەی مۆمیاکردنی نەبوایە خۆی بەکەسێکی نەفرەت لێکراو لەلایەن خواوه‌نده‌كانه‌وه‌ دەزانی و ھەمیشە بەدڵتەنگیەوە دەژیا تا دەمرد، بەڵام لەدوای ھاتنی ئاینە ئاسمانیەکان و دەرکەوتنی فەلسەفە ئەم بیرۆكه‌یه‌ وردە وردە لەناو ھزری مرۆڤەکاندا نەما و بگرە بۆئێستا وەک شتێکی خورافی لێی دەڕوانرێ، ئەوەی ئێستا کەھەبێت لەبواری مۆمیادا تەنھا بۆھەندێ حاڵەتی دەگمەن بەکاردەھێنرێت، لەوانەش بۆ کاری توێکاری جەستەی مردوەکان لەلایەن پزیشکانەوە، وە یان بۆکاری ھونەری و پەیکەر تاشی بەکاردێنن، بەگشتی لەئێستادا ئەم کاری مۆمیاکردنە لەجیھاندا دەگمەنە تەنھا بۆھەندێ کاری پێویست بەکاردەھێنرێت.

مۆمیاکردن شوێنی تایبەت بەخۆی ھەبوە و وەستا و کرێکاری تایبەتی ھەبوە، شوێنی مۆمیا و ئەو کەسانەی کاریان تێداکردوە ھەرگیز نەدەھاتنە ئاوەدانی و ناوخەڵک چونکە بەھۆی ئەو دەرمانەی بەکاریان دێنا لەمۆمیاکردندا و بەھۆی بۆگەنی تەرمەکانەوە، ھەمیشە ئەوبۆنەیان لەجەستەیان نەبڕاوە، لەسەردەمی ھەندێ فیرعەونیشدا بەتایبەت ئەخناتون بەیاسا رێگە لەوەستا و کرێکارەکانی (خانەی مردوان) گیراوە کە لەخانەکە نەیەنە دەرەوە و بەردەوام سەرقاڵی کارەکەیان بن لە خانەکەدا، بەڵام سەرباری ئەمەش کاتێک فیرعەونێک یان کەسێکیتری دەست ڕۆیشتوی ناوکۆشک بمردایە ئەوا دوو تا سێ وەستا و کرێکار لەخانەی مردوانەوە بەکەرەستەکانیانەوە دەھاتن و لەناو ماڵی مردوەکەدا کاری مۆمیاکردنەکەیان ئەنجام دەدا.

مۆمیاکردن لە کۆندا دووجۆری ھەبوە، بەناوی مۆمیای (تەڕ - وشک)، مۆمیای وشک پارێزگاری لە نه‌شێوانی ڕوخساری مردوەکە دەکات بۆماوەی 3 ھەزارساڵ، مۆمیای تەڕ پارێزگارییەکەی درێژە دەکێشێت بۆماوەی 5 ھەزارساڵ، لێرەدا شێوازی مۆمیاکردن و ئەوکەرەستانەی کەبەکاردێن بۆمامیاکردن بۆتان دەنوسم، ئەوەی من تێبینیم کردبێت لە مۆمیاکردندا دووسەرچاوە ھەیە یەکەم (سینۆھە) لەکتێبەکەیدا زۆر بەفراوانی باسی دەکات، دووەم (شەرمیون) کارەکەرەکەی (کلیۆپاترا)، باسی مۆمیاکردن و کەرەستەکانی مۆمیاکردن دەکات، لێرەدا ئەو شێوازە باس دەکەین کە (شەرمیون)بۆمان دەگێرێتەوە لەبەر دووھۆکار :

 1- ڕاستە سینۆھە زۆرفراوانتر لە شەرمیون ڕونکردنەوەی لەسەر جۆری مۆمیاداوە بەڵام کتێبی سینۆھە لەلایەن (میکاڤاڵتاری) یەوە وەک ڕۆمانێک نوسراوە و تەنانەت بۆنوسینی ئەم ڕۆمانەی سەردانی میسریشی نەکردوە تا لێکۆڵینەوەیەکی وردتر بکات لەسەر شێوازی ئەوکاتی ژیانی سەردەمی فیرعەونەکان و لەکتێبەکەیدا وەک بەڵگە بەکاریان بێنێت.
2- سەردەمی سینۆھە زۆر کۆنترە لەسەردەمی کلیۆپاترا و بێگومان ھەتا دنیاش بەرە و پێش بڕوات زانست بەرە و باڵاتر دەچێت لەھەموو بوارەکاندا و لەبواری مۆمیاشدا کە ئەو سەردەمە جێگەی بڕوای ھەموو کەسێک بوە کە مۆمیا بکرێت.

شێوازی مۆمیاکردن :


لەدوای مردنی کەسەکە سەرەتا یەکەم ھەنگاو دەرکردنی ددانەکانیەتی چونکە گەر ددانەکان دەرنەکرێن ئەوا پاش ماوەیەک له‌ نێوان ددانەکانیەوە پوکەکەی دەڕزێ و تەشەنە دەکات بۆھەمووجەستەی یان شێوازی دەموچاوی بەتەواوی ده‌شێوێنێ، دواتر سێ حەوز کە پێشتر بۆکاری مۆمیایی بەکاردەھێنرێت ئامادە دەکرێن حەوزی یەکەم پڕدەکەن لەئاو و خوێ، حەوزی دووەم پڕدەکەن لە گیراوەی کافور، حەوزی سێ یەم پڕدەکەن لەخۆڵی مازوو داری نەبەقی کوتراو، تەرمەکە بۆماوەی یەک شەو و ڕۆژ لە ھەریەکێک لەم حەوزانەدا دەمێنێتەوە و دوای سێ شەو و ڕۆژ تەرمەکە دەردێنن و کونێک لە ورگی دەکەن و بەکەرەستەی پزیشکی ڕیخۆڵە و دڵ و جگەر و گورچیلە و ھەمووھەناوی دەردێنن، بەشێوەیەک کە ورگ و سنگی بەتاڵ بێت، دواتر بەڕێگەی کونکردنی لوتیەوە بەکەرەستەی تایبەتی پزیشکی مێشکی مردوەکە لەناوسەریدا دەردێنن و دواتر ھەر لە ڕێگەی کونی لوتیەوە کەلەی سەری پڕدەکەن لەڕۆنی کافور و دواتر کۆنەکە دەگرن تاڕۆنەکە نەیەتە دەرەوە، دواتر لەڕێگەی ئەو کونەی کە لەسکی دەکەن ناوسکی پڕدەکەن لە ھەمان ڕۆنی کافور و دواتر کونی سکی دەدورنەوە بۆئەوەی ڕۆنەکە نەیەتە دەرەوە، دوای ئەوە لە دەورەی دووەمدا بۆماوەی بیست ڕۆژ دەیخەنە ناوحەوزی یەکەم کەحەوزی ئاو و خوێ یە، دواتر بۆماوەی بیست ڕۆژی تر دەیخەنە حەوزی دووەم کەحەوزی ڕۆنی کافورە، دواجار بۆماوەی بیست ڕۆژی تر دەیخەنە ناو حەوزی سێیەم، کە حەوزەکە پڕە لە خۆڵی مازوو داری کوتراوی نەبەق، واتا مۆمیاکردنی تەرمێک ماوەی 63 ڕۆژی دەوێت لە حاڵەتی ئاساییدا.



دوای ئەوە تەرمەکە دێنن و سکی دەکەنەوە ھیچ ڕۆنێکی کافور لەسکیدا نامێنێت ئەوسا سکی پڕدەکەن لە کافوری وشک و خۆڵی مازوو داری کوتراوی نەبەق، دواتر لە فافێک دێنن و توێژاڵێک کەتیرە بەسەر لەفافەکەدا دەکەن و تەرمەکەی پێ دەپێچنەوە لە قاچیەوە تا سەری، بەم شێوەیە تەرمەکە ئامادەدەکرێت بۆ ناشتن، ھەندێک تەرمی مۆمیاکراو لەشوێنی فێنک نێژراون یان لە قوڵی 50 مەتر لەژێر زەوی دەنێژران تا شوێنەکەی فێنک بێت.

نووسین و ئاماده‌كردنی : ئارام هادى
وورده‌كاری : Maxwell



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ زانستی هەسارەی شەشەم پارێزراوه »  
   ‌ 10980 جار بینراوه‌
8 مانگ پێشتر - Dec 14 2016 9:26PM

123
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
له‌سه‌رهێڵ:   78
کۆی سه‌ردان:   37687631
Copyright © 2015 - Hasaray6. All rights reserved.