»  زانست و خەیاڵ

ئێکزۆبایۆلۆجی - Exobiology

A A A

لەم سەرنجدانەی جیھانانی تری دەوروبەرمانەوە لەو باوەرەدام زیندەوەرانی دەرەوەی ئەم جیھانەی خۆمان دەورێکیان لە ژیانماندا ھەبێ، لەم دواییەدا لقێکی تازە لە زیندەوەرزانی بووەتەوە ئەویش ئێکزۆبایۆلۆجیە، واتە لێکۆڵینەوەی ژیان لە دەرەوەی زەوی خۆماندا، ھەر لەو کاتەوەی ساڵی 1959 دا شیکردنەوەی مادەی نەیزەک ھەبوونی ئاوێتەی ئۆرگانینیشان داوە، مشتومڕ پەیدا بووە لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئەم ئاوێتانە ھەر لە نەیزەکەکە خۆیاندا بوون یان لەسەر زەوی دروست بوون، مشتومڕ ھێشتا نەگەیشتۆتە ئەنجام و ھەبوونی ژیان لە دەرەوەی زەویشدا گومانی تێدایە، بەپێی ئەو ژماره‌كاریه‌ گەردوونیانەی دەربارەی رێژەی ئەستێرەی ھەسارەدار و ژمارەی ھەسارەی بۆ ژیان گونجاو وە ھەروەھا رێژەی ئەو ھەسارانەی ژیانیان تێدا سەرھەڵدەدات و ئەو ھەسارانەی کە ژیانیان تێدا دەگاتە پلەی ھۆشیاری و پەیوەندی کردن بە ژیانی شوێنی ترەوە، بەپێی ئەم ژماره‌كاریه‌ لە ھەر سەد ھەزار ئەستێرەیەکدا یەک ئەستێرە لە یەکێ لە ھەسارەکانی دەوریدا کۆمەڵگای پێشکەوتووی ھەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە ھەر لە گالاکسیەکەی خۆماندا بەلای کەمەوە یەک ملیۆن ژیانی زیرەک ھەیە، بەڵام سەرکەوتوویی پەیوەندی بەستنمان لەگەڵ ئەم ژیانانەدا لەسەر تەمەن درێژی ھەریەکەمان وەستاوە، رەنگە دەستەڵات پەیداکردن بەسەر تەکنۆلۆجی ئەتۆمیدا زۆر لە سوودی ھیچ جۆرێک نەبێ و ئەو جۆرانەی ئەم زانیاریە بەدەست دێنن بە خێراییەکی نائاسایی خۆیان لەناو دەبەن بەڵام ئەگەر وای دابنێین ئەم مرۆڤە پێشکەوتووانە لەناو ناچن ئەوا درەنگ یا زوو بەدیداری یەک شاد دەبین.



ئیریک ڤۆن داینکین لەو باوەڕەدایە ئێمە یەکێکین لەم جۆرانە، ناوبراو لە کتێبێکدا ھەندێ لەو شتە کۆنانەی لەبواری شوێنەوارزانی و مرۆڤناسیەوە کۆکردۆتەوە وەک ئەو نەخشەیەی لە ئیستانبول دۆزراوەتەوە و وێنەی کیشوەرەکانی نیشان داوە کە وەک ئەوەی لە ھەواوە گیرابێت بەھۆی کەوانەیی گۆی زەویەوە نارێک دەردەکەون، یان پایەیەکی ئاسنی ھیندی کە ژەنگ ھەڵناھێنێ، یان وێنەی بانەکانی پیرۆ کە مەگەر لە ئاسمانەوە تەسویربکرێت، یاخود وەسف کردنی ئەو خواوەندانەی لە گالیسکەی پێچکە ئاگریندا دێنە خوارەوە بۆ سەر زەوی لەناو کتێبە ئایینیەکاندا، یان وێنەو سکێچی کۆنی مرۆڤ کە شتی وەک کڵاوی ئاسمانگەرێک و ئێمەش تارادەیەک بەرھەمی زیرەکیەکین لە دەرەوەی زەویدا، خەیاڵەکە قسە ھەڵدەگرێ بەڵام وەک زیندەوەرزانێک لەو باوەرەدام ھێستا ئێمە توانای بەکارنەھێنراومان زۆرە، ئەم بۆچوونە بەلامەوە سەرنجڕاکێش نیەو بەپێویستی نازانم دەسکەوتەکانی شارستانیەتەکەمان بگێرینەوە بۆ ھەندێ نامۆی کاتی.




ئیڤان ساندرسن ھەمان بیرۆکەی ھەیە، بەڵام بە شێوەیەکی بایۆلۆجی دەری دەبڕێ و دەڵێ زەوی بە ھێلکەی ژیانی شوێنێکی تر تۆو کراوە، ئەم ھێلکەیە تروکاوە و لارڤایەکی لێ پەیدا بووە و پاشانێن ھەموو ژیان وەک دەزانین لەوەوە پەرەی سەندووە، بەلای ساندرسنەوە ئێمەش بەشێکی ئەم لارڤایەین گەیشتووینەتە قۆناغی گۆڕان و چنینی تۆڕێکی زیرەکی بەدەوری خۆماندا، وەک پیوپایەک مێشکمان دەئاخنینە قۆزاخەی مەکینەیەکەوە و ئەم پیوپایەش سەرەنجام گۆڕانی پێویستی بەسەردا دێت و وەک مێشێکی پێگەیشتوو دەفڕێ بۆ جیھانی دەرەوەی زەوی و ھەمان پرۆسە لەڕێگەیدانانی ھێلکەوە دووبارە دەکەنەوە، ئەو مێشە پێگەیشتووەی سەرەنجام لە ئێمە دروست دەبێ وەک ئەو ناوی ناوە بریتییە لە دەفرێکی فڕیو یان تەنی فڕیوی نەناسراو (یوفۆ).

ئەم خەیاڵە دەمار بزوێنە خەیاڵێکی بایۆلۆجیە و رەنگە راستیش بێ، زۆر لەوەدەچێ قۆناغی داھاتووی پەرەسەندنمان بریتی بێ لە پەیداکردنی زیرەکی ئەلکترۆنی و رەنگە تاکە ڕێگەش بۆ دروستکردنی ئەمە لە ھەسارەیەکی بێ ژیاندا لە رێگەی قۆناغە ناوەندیەکانی ژیانی ئۆرگانیەوە بێ، خۆ ھەر ئێستا نەوەی یەکەمی ئەقڵی مەکینەیی لەئارادایە، ئەمانە پشت بە ھەندێ نەخشەی ئەلکترۆنی چاپکراو و جووڵانەوەی ئەلکترۆنی دەبەستن بەھەندێ وایەردا، بەڵام ھێشتا پێویستی بەخۆمان ھەیە، لە قۆناغەکانی داھاتوو رەنگە شتەکە ھەموو پشت بە وزەی تر ببەستێ و پێویستی بە ئێمە نەبێ، بەڵکو بتوانێ لە فەزاو لەو ناوچانەی گەردووندا کە تەقینەوەی ئەستێرەکان و نۆڤاکان دەوروبەرێکی گونجاوی پڕ تیشکدانەوە دروست دەکەن کە بۆ کارکردنی ئەم ئەقلە سوپەرئەلکترۆنیە پێویستە.



ھیوادارم ئەمە ڕاست بێ من ئەوەی بەلامەوە سەیرە ناکاراییمانە لەچاو ئەو ھەموو توانا فراوانە پەی پێنەبراوەدا کە ھەمانە و ئەو ھەموو پێشکەوتنەی کە بە بەکارھێنانی گۆشەیەکی کەمی ئەقڵمان بەدەستمان ھێناوە، ئێمە بەراستی وەک لارڤا واین و بێباکانە بەناو خاکدا وەک ھاڕێ ملی رێمان گرتووە، بەڵام لەو باوەرەدام مێرووە پێگەیشتووەکە خەریکە لە ناخماندا دەکەوێتە جووڵە، کاتێ کەشوبار لەبار بێ قۆزاغەکە دەشکێنین و دەردەپەرینە دەرەوە بەڵام نەک وەک سوپەرکۆمپیوتەرێک بەڵکو وەک زیندەوەرێکی ئۆرگانی کە ھەموو سوپەرسروشت دەنێتە باخەڵی و وەک یاریەکی منداڵان سەیری تەکنۆلۆجی دەکات.

Muhammad Nihad

سه‌رچاوه‌كان :
nasa
esa



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ زانستی هەسارەی شەشەم پارێزراوه »  
   ‌ 486474 جار بینراوه‌
8 مانگ پێشتر - Jan 10 2017 8:59PM

زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
له‌سه‌رهێڵ:   80
کۆی سه‌ردان:   37687633
Copyright © 2015 - Hasaray6. All rights reserved.